ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی گەورە لە سنوری قەزای پێنجوێن کەوتووەتەوە و قائیمقامی قەزاکەش دەڵێت: بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

هێمن ئیبراهیم قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا تیمەکانی پۆلیسی دارستان و بەرگری فریاکەوتنی پێنجوێن و سەیدسادق و شارەزور و سلێمانیش لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، هاوکات تا ئێستا نزیکەی لە سەدا 70ـی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

وتیشی، بەهۆی سەختی ناوچەکەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کارێکی زەحمەتە و بەهۆی ئاگرەکەوە روبەرێکی زۆر لە دارستان و پوش و پاوان لە سنورەکە سوتاوە.

قائیمقامی پێنجوێن ئەوەشی خستەڕوو، ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە، راشیگەیاند، دوو هاووڵاتی کە هاوکاری تیمەکانیان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرە، برینداربوون و بەشێکی جەستەیان سوتاوە.