سەلمان ئەمین، ناسراو بە ئەژی پیلانداڕێژەری یاخیبوونەكەی لالەزار بووە، بە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لاهور جەنگی بورهان لە سلێمانی.

كوردسات نیوز زانیوێتی كە دەزگای ئاسایش و تیمە ئەمنییەكانی حكومەت لە سلێمانی هەستیان بە جموجۆڵی نامۆ و نایاسایی گرووپە چەكدارە نایاساییەكانی لالەزار  كردووە كە چەند مانگێكە لەژێر فەرمانی لاهور جەنگی بورهان و سەلمان  ئەمین ناسراو بە ئەژی ئەو جموجوڵانە هەبووە، بە مەبەستی پیلانی كودەتای سەربازی و تیرۆركردنی بەرپرسانی باڵای حیزبی و حكومیی و ئەمنییەكانی سلێمانی، لەسەروو هەمووشیانەوە تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی و لە هەولێریش پیلانی تیرۆركردنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە. هەر لە هەفتەی رابردووش ئەو گروپە كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی دەستبەسەراگرتنی دامەزراوە حكومییەكان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی.

لاهور جەنگی بورهان، چەندین مانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە و بەتایبەتی سەلمان ئەمین، كە لە هەولێرە، هەوڵی ئەم پیلانگێڕییەیان داوە، هەموو ئامادەكارییەكی سەربازییان كردووە، هەموو جۆرە چەكێكی قورس و سووك، درۆنی چاودێری و بۆمبڕێژكراو، ئار پی جی، تەنانەت نیشانشكێنی بێدەنگیان داوەتە خەڵكی راهێنراو بۆ جێبەجێكردنی ئەم پیلانە لەناوسەنتەری شار و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵك.

لە ئێستادا بەپێی بڕیاری بەرێز دادوەر سەلمان ئەمین دوو فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، یەكێكیان بە ماددەی 56ـی لە یاسای سزادانی عیراقییە، كە هەوڵدانە بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانەكەی دیكەی بەگوێرەی ماددەی 406ـە لە یاسای سزادانی عیراقییە، كە تایبەتە بە هەوڵدان بۆ تیرۆر و نانەوەی پشێوی و كوشتنی خەڵكی سڤیل. بەڵام لە ئێستادا ئەو تۆمەتبارە وەك بەرپرسێكی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایش خۆی ناساندووە و لە هەولێر دادەنیشێت، هەموو جۆرە چەك و كەلوپەلێكی سەربازیی بۆ ئەم گرووپەی لالەزار لە سلێمانی و دەروبەری دابینكردووە، پێشتریش هەر لە هەولێر هەوڵی  هێرشەكردنە سەر ماڵی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوە لە ساڵی 2022.