بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کرد.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەیبوون، نوێترین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

 بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت مافی کورد لە سوریای نوێدا مسۆگەر بێت و وڵاتەکە بە هاوبەشیی هەموولایەک بەڕێوەبچێت و حکومەتی سوریا نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات.

لای خۆیەوە، وەفدی پەیەدە سڵاوی مەزڵوم کۆبانێیان گەیاندە سەرۆک بافڵ و پشتیوانی پەیەدە و هەسەدەیان جارێکی دیکە بۆی دووپاتکردەوە.