مافی مرۆڤ: هیچ دانپێدانانێکی بەزۆر لە لاهور جەنگی بورهان وەرنەگیراوە
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور جەنگی بورهان و بەشێک لە دەستگیراوەکانی لالەزاریان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، لاهور جەنگی بورهان رووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕؤ وەفدێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، هاوکات لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهور جەنگی بورهان و لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی رەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و رێکارەکان پرسیاریان لێکرد.
دەستەی مافی مروڤ ئەوەشی خستەڕوو، لاهور جەنگی بورهان رایگەیاندووە، تەندروستی باشە و لەژورێکی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، هەروەها بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە و هەروەها داوای کتێبی کردبوو، لەئاسایش کومەڵێک کتێبیان بۆهێناوە، ئاماژەی بەوەشکردووە لەوکاتەی کە هاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، رووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە.
دواتر لاهور جەنگی بورهان داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەرێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرانبەر نەکراوەو هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە، هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیۆکردن لەکاتی لێکولینەوە ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە.