کامێراکانی تیژڕەوی رێگای نێوان سلێمانی – تاسڵوجە دەکەونە کار
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
لە رۆژی پێنجشەممەوە کامێراکانی تیژڕەوی لەنێوان رێگای نێوان سلێمانی – تاسڵوجە، بە پێچەوانەشەوە دەکەونە کار بە سیستمی یەک خاڵ سەرپێچی تۆماردەکات.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی پێنجشەممە لە کاتژمێر 10ـی سەر لەبەیانی کامێراکانی رێگای نێوان سلێمانی – تاسڵووجە وە بە پێچەوانەوە (کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی) دەکەونە کار.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی One Point (یەک خاڵ) و بەپێی ئەو خێراییانەی کە لە هێماکانی هاتوچۆی تەنیشت رێگاکە دانراون تۆمار دەکات.
هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، سەبارەت بە رێگای نێوان سلێمانی – وارماوا بەهەمان شێوە کامێراکان دانراون لە رۆژی 28/8/2025 کاتژمێر 10 ـی سەرلەبەیانی سزای سەرپێچی خێرایی تۆمار دەکەن بە سیستەمی Point to Point (خاڵ بۆ خاڵ) بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریکراوە لە رێگەی هێماکانی هاتوچۆوە.
ئەوەشی خستەڕوو، خێرایی رێگەپێدراو لە کامێراکانی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک (پێنج) کیلۆمەترە وە بۆ بارهەڵگر (سێ) کیلۆمەترە.
هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، بە میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی لەو کامێرایانەی بە سیستەمی Point to Point کار دەکەن، تێکڕای خێرایی لە هەموو کامێراکان هەژمار دەکرێت، بۆ نموونە لە نێوان دوو کامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی ریگەپێدراو کە دیاریکراوە شۆفێری بکات بە پێچەوانەوە سزای دیاریکراو دەدرێت.
هەروەها لەنێوان کامێراکانی دیکەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا دووبارە دەیگرێتەوە.