هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی کورتخایەن لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک لە روسیا و زیانی بە کارەبای وێستگەکە گەیاندو بووە هۆی کەمبوونەوەی توانای کارپێکردنی یەکێک لە یەکەکانی وێستگەکە.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تێلیگرام" رایگەیاند: "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جەنگیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینایان لە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک خستووەتە خوارەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەکاتی بەرکەوتنیدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تەقیوەتەوە، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە گۆڕەرێکی کارەبایی یارمەتیدەر"

نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە دووپاتیکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، کاری یەکەی سێیەمی وێستگەکە بۆ %50ی تواناکەی کەمکراوەتەوە. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکاوەکە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێک کە دواتر کۆنترۆڵکراوە.

نووسینگەکە جەختیشی کردەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکە و دەوروبەریدا سنوورە ئاساییەکانی تێنەپەڕاندووە.

پێشتر کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی روسیا وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین و ئامانج لێی تێکشکاندنی ئەو ژێرخانەیە کە بۆ هەوڵە سەربازییە گشتگیرەکانی روسیا بە گرنگ دادەنرێن..