بزووتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە، "سووربوونی لەسەر تێکدانی رێککەوتن" دووپاتدەکاتەوە.

حەماس لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە لەلایەن نەتانیاهۆوە، دوای ئەوەی ئێمە رەزامەندیمان لەسەر پێشنیازی نێوەندگیرەکان نیشاندا، سووربوونی لەسەر تێکدانی رێککەوتنەکە دەسەلمێنێت."

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە رەزامەندیمان لەسەر رێککەوتنێکی نیمچەیی نیشاندا و ئامادەیی خۆشمان بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر دەربڕی، بەڵام نەتانیاهۆ هەموو چارەسەرەکان رەتدەکاتەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە "دانپێدانانی ئیسرائیلی و ئەمریکی" کراوە کە "دووپاتیدەکەنەوە نەتانیاهۆ رێگری سەرەکییە لەبەردەم رێککەوتنەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئاگربەستدا." حەماس وتەکانی ماسیۆ میلەر، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت، "ئەو دانپێدانانانە دەیسەلمێنێن کە نەتانیاهۆ کاتی دەکوشت و درۆی دەکرد، بەوەی هەر جارێک لە رێککەوتن نزیک دەبووینەوە، مەرجی نوێی دادەنا."

حەماس جەختیشی کردەوە کە "رێککەوتن لەسەر ئاگربەست تاکە رێگایە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، و نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتیی تەواوی چارەنووسی ئەو بارمتانە هەڵدەگرێت کە لە ژیاندان."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئەم مانگە پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەی پەسەند کردووە و بە "دوا قەڵای حەماس" وەسفی کردووە. لەلایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڕەشەی بەردەوامبوونی لەو هێرشە کرد کە نیگەرانیی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.