وەزیری بەرگریی ئێران: لە چەند وڵاتێک ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری و کارگەی چەکمان دامەزراندووە
راهۆز
٢٣ی ئابی ٢٠٢٥
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، ئاشکرای کرد کە تاران لە چەند وڵاتێکدا ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری دامەزراندووە، هاوکات جەختیشی لەسەر توانای خۆبژێویی ئێران لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی بەرگریدا کردەوە.
نەسیرزادە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، چەند کارگەیەکیان لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە رەسمی بکرێنەوە و رابگەیەندرێن.
وەزیری بەرگریی ئێران ئەم هەنگاوەی بە "نیشانەی ئەوە زانی کە جیهان باوەڕی بە تواناکانی بەرگریی ئێران هەیە و خواست لەسەر بەرهەمەکانمان، بەتایبەتی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، لە زیادبووندایە."
نەسیرزادە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەندێک بواردا، دروستکردنی کارگەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی پارچە یان کەرەستەی دیاریکراو لە روی ئابوورییەوە بەسوود نییە، بۆیە ئێمە بە رێگەی دیکە ئەم پێداویستییانە پڕ دەکەینەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیرەکە جەختی لەسەر پێویستیی پشتبەستنی هێزە چەکدارەکان بە توانای ناوخۆیی کردەوە و وتی: "لە کاتی قەیرانەکاندا، ناتوانرێت پێداویستییەکان لە دەرەوە دابین بکرێن. بۆیە دەبێت هەموو ژێرخانە پێویستەکان لە ناوخۆدا دابمەزرێنین."
بە وتەی نەسیرزادە، "ئەمڕۆ زیاتر لە %90ی ئەو کەرەستانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێویستیانە، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەتی لە بواری مووشەکدا." رونیشیکردەوە کە "مووشەکەکان، چ ئەوانەی بە سووتەمەنیی شل یان رەق کاردەکەن، %100 لە ناوخۆدا دروست دەکرێن و پشت بە هیچ وڵاتێکی بیانی نابەستین."
"هەموو توانای مووشەکیمان بەکارنەهێناوە"
وەزیری بەرگریی ئێران دووپاتیکردەوە کە توانای مووشەکیی وڵاتەکەی زۆر لەوە زیاترە کە تا ئێستا بەکارهێنراوە و تاران خاوەنی چەندین مووشەکی نوێیە بە کڵاوەی جەنگیی پێشکەوتووەوە کە لە شەڕی ئەم دواییەدا بەکارنەهێنراون، لەوانەش مووشەکی "خوڕەمشەهر 5" کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین نموونەکان دادەنرێت.
هەروەها ئاشکرایکرد کە مووشەکی "قاسم بەسیر"یش کە بەم دواییە پەردەی لەسەر لادرا، بەکارنەهاتووە. نەسیرزادە ئەم مووشەکەی بە "ورترین مووشەکمان" وەسف کرد کە پشت بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ دەبەستێت و "بەرھەمی ئەزموونەکانمانە دوای ئۆپەراسیۆنی 'بەلێنی ڕاستگۆیانە 2'."
نەسیرزادە وتیشی، "خاوەنی مووشەکی سەرووی دەنگ (هایپەرسۆنیک)، سجيل و نەوەیەکی نوێی مووشەکین کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا تاقیکراونەتەوە و کاراییان سەلمێندراوە."
لەبارەی ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەوە، نەسیرزادە وتی: "ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر، بۆ نموونە 15 رۆژ، بەردەوام بووایە، رەنگە لە سێ رۆژی کۆتاییدا، ئیسرائیل نەیتوانیبا بەرپەرچی هیچ مووشەکێک بداتەوە."
وەزیری بەرگریی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی ئەم دواییە ئەو بوارانەی بەرگریی بۆ رون کردوونەتەوە کە پێویستە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت و بەهێزتر بکرێن و تەنها مووشەک لە کارە لەپێشینەکانیان نابێت.