ئاژانسی هەواڵی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و کیێڤی راگەیاندووە کە دەیەوێت لە 22ی ئاب کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئەنجام بدات.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، کە زانیارییەکانی لە سەرچاوەی ئاگادارەوە وەرگرتووە، "ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوای لوتکەی ئالاسکا، بە سەرکردە ئەوروپییەکانی راگەیاندووە کە نیازی هەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن و زێلێنسکی لە رۆژی هەینی داهاتوو، 22ی ئاب، رێکبخات."

هاوکات، ترەمپ داوای لە سەرکردە ئەوروپییەکانیش کردووە، بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن کە بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی ئەنجامی بدات بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا.

لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەکەی نێوان پوتن و ترەمپ لە ئالاسکا، ئاشکرایکرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نوێنەرانی "هاوپەیمانیی خوازیاران" بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت کە ڤلادیمیر پۆتن و دۆناڵد ترەمپ لە بنکەی سەربازیی "ئیلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆراج لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان ماوەی دوو کاتژمێر و 45 خولەکی خایاند. دوای کۆبوونەوەکەش، ڤلادیمیر پوتن رەزامەندیی لەسەر پێویستیی دابینکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا نیشاندا و جەختی کردەوە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ کارکردن لەو بوارەدا.