بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە؛ هاتووچۆی سلێمانی چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە
راهۆز
١٦ی ئابی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین، چەند رێنمایی و هۆشدارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوایان لێدەکات بۆ سەلامەتیی گیانیان پابەند بن پێوەی.
لە راگەیەندراوێکدا، هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردووەتەوە، لەوانە:
-
کەمکردنەوەی خێرایی و شوفێریکردن بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە.
-
پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکاندا.
-
داگیرساندنی گڵۆپی تەم (Fog Light) بۆ باشتر بینین.
-
بەکارهێنانی ماسک لەپێناو پاراستنی تەندروستی.
هەروەها هاتووچۆی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان کردووە، تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، گەشتەکانیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان و رێگا دەرەکییەکان دوابخەن یاخود ئەنجامی نەدەن ئەگەر پێویست نەبێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە ژمارەی هێڵە گەرمەکانی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو هاوڵاتییان لە کاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بکەن:
-
کۆنترۆڵی هاتووچۆ: ١٨٨
-
سەنتەری هەماهەنگیی پەیوەندییەکان (PJCC): ١٠٠
-
فریاگوزاریی تەندروستی: ١٢٢
-
بەرگریی شارستانی: ١١٥
-
پۆلیسی فریاکەوتن: ١٠٤
-
ئاسایش: ١٠٦