لە جەزائیر لە روداوێکی هاتوچۆدا 18 کەس گیانیان لەدەستدا؛ رزگاربوویەک دەیگێڕێتەوە
١٦ی ئابی ٢٠٢٥
لە چەند سەعاتی رابردوودا روداوێکی هاتوچۆ خەڵکی جەزائیری تووشی شۆک کرد و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی پاسێکی نەفەرهەڵگر کەوتە ناو دۆڵێکەوە.
لە روداوەکەدا پاسێکی نەفەرهەڵگر بەسەر پردێکدا لە رۆژهەڵاتی جەزائیر وەرگەڕا، بەو پێیەی شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی پاسەکە بکات و راستەوخۆ دەکەوێتە ناو بەناوبانگترین دۆڵی جەزائیر بەناوی "حەراش"، لە روداوەکەدا تەنها شۆفێرەکە و کۆکەرەوەی بلیتەکان رزگاری بووە.
راستەوخۆ دوای روداوەکە، دەیان گەنج دەستیان کرد بە رزگارکردنی سەرنشینەکان و توانیان زۆرێکیان دەربهێنن، بەڵام بەپێی ئامارەکان 18 سەرنشین خنکاون.
یەکێک لە رزگاربووانی روداوەکە دەڵێت: "باش لەبیرم نییە، تەنها ئەوە نەبێت هەر کە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی پاسەکەی لەدەستدا و دواتر کەوتینە خوارەوە و بازم دا، دەڵێت، من لە پێشەوەی پاسەکە وەستابووم و توانیم لە پەنجەرەکەوە دەربچم، پاشان هاووڵاتییان هاوکارم بوون بۆ ئەوەی بگەمە وشکانی"، بەپێی میدیا ناوخۆییەکان.
یەکێک لە رزگاربووەکان وتی، "ئێمە یەک بە یەک خەڵکمان دەهێنایە دەرەوە، هەندێکیان لە ژیاندا بوون، هەندێکی دیکەیان نەمانتوانی رزگاریان بکەین، چونکە هەموو شتێک زۆر بە خێرایی رویدا، لە روداوەکەدا منداڵیشی تێدابوو".
دوای روداوەکە، دەسەڵاتدارانی جەزائیر رۆژێکی ماتەمینی نیشتمانییان راگەیاند و ئاڵاکان بۆ نیوە دابەزاند، هەروەها بڕیاریاندا بە بڕی 4 هەزار و 500 دۆلار قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکەنەوە.
سەعید سەعیود وەزیری گواستنەوەی جەزائیر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای روداوەکە دانی بەوەدانا، "پێویستە 84 هەزار پاس نوێبکرێنەوە، بە پڕۆژەیەک قۆناغ بە قۆناغ حکومەت هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات ".