دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین سەردانی کۆشکی سپی دەکات، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، بڕیار بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆک پوتن دادەنێین.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی " تروپ سۆشیال" نووسیویەتی، "لە درەنگانی شەودا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ڤۆڵدۆمیر زێلێنسکی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپا هەبووە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترین رێگە ئەوەیە، دەستبەجێ بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، نەک تەنها ئاگربەستێک".

پێگەی ئاکسیۆس پێشتر بڵاویکردبووەوە، "ترەمپ بە زێلێنسکی و سەرکردەکانی ناتۆی راگەیاندووە، پوتن نایەوێت ئاگربەستێکی کاتی ئەنجام بدرێت و رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی پێ باشترە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".

پێگەکە دەشڵێت، "ترەمپ سەرەتا لەگەڵ زێلێنسکی قسەی کردووە، دواتر رۆبیۆ و ویتکۆڤ و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فینلاند و پۆڵەندا، هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کردووە.

هاوکات زێلێسنکی وتویەتی، "ئێمە پشتیوانی لە پێشنیازی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکراین و ئەمریکا و روسیا"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، پرسە سەرەکییەکان دەتواندرێت لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن، بۆ ئەمەش لوتکەی سێ قۆڵی گونجاوە.