ئەمڕۆ چوارشەممە، زاوایەک لە گوندی قەمچوغە لە قەزای دووکان دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی خەزووری دەکات و دوو کەس دەکوژێت و چوارکەسی دیکەش برینداردەکات.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە دووکان رایگەیاند: روداوێکی تەقەکردن لە قەزای دووکان رویداوە، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە لەنێویاندا ئەنجامدەری  روداوەکەی تێدایە. 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لەو سنورە، زاوایەک دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵی خەزووری خۆی کردووە، لە ئەنجامدا خێزانی خۆی و میوانێکی ماڵەکەکوژراون. هەر لەو روداوەدا، چوار کەسی دیکە بریندار بوون، کە یەکێکیان خودی ئەو کەسەیە، کە تەقەکانی ئەنجامداوە.

بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دووکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، و تەرمی کوژراوەکانیش رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.