قوباد تاڵەبانی پلانێکی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە دادەڕێژێت و پلانەکە خۆی لە کەرتی ئابوری، گەشتیاری، کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆی دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوونەوە، هاوکات پلانێکی نوێ بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکە دادەڕێژرێت.

لە کۆبوونەوەکە  بە "زۆر باش و ئەرێنی" وەسفکرا، تیشک خرایە سەر داواکاری و پێداویستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی نەخشە رێگەیەکی نوێ بۆ خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە.

لە میانی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەڵەبجە لە نزیکەوە داواکاری و کێشەکانی پارێزگاکەی خستەڕوو، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد، بۆ پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی كە هەمیشە و بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیدان بە هەڵەبجە کردووەتەوە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا.

لەکۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی داوە، ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ و کرداری دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و وەرگێڕانی پلانەکان بۆ واقیع، کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لەوەی هەڵەبجە پشکی شایستەی خۆی لە ئاوەدانی و پێشکەوتن وەردەگرێت.

یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، رێککەوتن بوو لەسەر داڕشتنی پلانێکی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە، ئەم پلانە نوێیە کار لەسەر گەشەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک ئابوری و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی دەکات، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری پارێزگاکە و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان.