دادگای سلێمانی: بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید هیچ حزب و دەسەڵاتێک دەستتێوەردانی تێدا نەکردووە
محەمەد رزگار
١٣ی ئابی ٢٠٢٥
دادگای سلێمانی بڕیار لەسەر جۆری سزاکەی شاسوار عەبدولواحید دەدات، ئەو مادەیەی کە ئەو تۆمەتبارەی پێدەستگیرکراوە مادەی ٤٣١ـی یاسای سزادانی عیراقییە.
لەو بارەیەوە سەڵاح حسێن جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دۆسیەی ئەم تۆمەتبارە لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بووە ودەستگیرکراوە، هەروەها لەبەر ئەوەی تۆمەتبار ئامادەنەبووە لە هیچ دانشتنێکی دادگا ئامادە بێت، دادگا ناچاربووە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ماوەی شەش بۆ دەربکات بەشێوەی ئامادەنەبوون.
وتیشی، وەکو دادگای سلێمانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە پەیوەندی بە دەستێوەردانی حزبییەوە هەیە، هەموو ئەو رێکارانەی کە بەرانبەر بەو تۆمەتبارە و تۆمەتبارەکانی دیکەش دەگیرێتەبەر تەنها رێکاریی یاساییە، هیچ حزبێک و هیچ دەسەڵاتێک دەستتێوەردانی لەم دۆسییە و دۆسییەکانی دیکەدا نەکردووە.
جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو پۆلیسی سلێمانی بە بڕیاری دادوەر، شاسوار عەبدولواحید بە مادەی ٤٣١ سزادانی عیراقی دەستگیرکرد.