فەرەنسا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەریی
١٣ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی نێوان خۆسەریی و دەسەڵاتی دیمەشق دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، تێكەڵكردنەوەی هەسەدە وەك بەشێك لە سوپای سوریا خزمەتی سەقامگیریی وڵاتەكە دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، پاریس و واشنتۆن پێكەوە پشتیوانی لە دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق دەكەن و هەوڵی لەیەکتر نزیككردنەوەی تێڕوانینەكانی هەردوولا دەدەن.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، فەرەنسا لە پێناو سەقامگیریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر گرنگی بە بەشداری و تێكەڵبونی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا دەدەن.
هەروەها پاریس جەختی لەوەكردووەتەوە، هاوشێوەی رابردو پابەندە بە دۆزینەوە چارەسەری ئاشتییانە بۆ سوریایەكی ئازاد و سەقامگیر.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوە كردوەتەوە، پێویستە بۆ بونیادنانی سوریایەكی بەهێز لە ناوچەكە و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەوڵی نزیككردنەوەی دید و بۆچونی خۆسەریی باكوری سوریا و حكومەتی كاتیی دیمەشق بدرێت.