هاوسەرۆكی كۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی ئەنقەرە دەڵێت، ئۆجەلان كەسی سەرەكییە لە پرۆسەی ئاشتیدا و پێویستە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی لەگەڵ ئۆجەلان كۆببێتەوە و كۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنێت.

فێردی سیدار هاوسەرۆكی لقی ئەنقەرەی كۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی "ئۆهەدە" رایگەیاند، پێویستە ئەو كۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێكهێنراوە بە ناوی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و دیموكراسی، سەبارەت بە چارەسەری پرسی كورد لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆببێتەوە.

سیدار وتیشی، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، دەبێت بە زووترین كات كۆتایی بە گۆشەگیریی بهێندرێت و ئۆجەلان بە كەسی سەرەكی پڕۆسەكە دابندرێت.