ترەمپ: رێژەی تاوان لە واشنتۆن دوو هێندەی بەغدادە
راهۆز
١١ی ئابی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی واشنتنی پایتەخت دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی فیدراڵی و پاسەوانی نیشتمانی لە شارەکەدا بڵاودەکاتەوە، بە وتەی خۆی، ئامانج لەم هەنگاوە گێڕانەوەی ئارامییە بۆ پایتەختی وڵات.
ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "من بە رەسمی ماددەی 740ی یاسای حوکمڕانی خۆجێی ویلایەتی کۆلۆمبیا کارا دەکەم، ئێوە دەزانن ئەمە مانای چییە، و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی واشنتنی پایتەخت دەخەمە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی فیدراڵییەوە."
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "چونکە دۆخێک لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بەڵام زۆر بەخێرایی دەیگەڕێنینەوە ژێر کۆنترۆڵ، هەروەک چۆن لە سنوورەکانی باشوور کردمان."
ترەمپ وتیشی: "پاسەوانی نیشتمانی بڵاودەکەمەوە بۆ یارمەتیدان لە دووبارە چەسپاندنی یاسا و ئارامی گشتی لە واشنتنی پایتەخت، و ڕێگەیان پێدەدرێت کە بەشێوەیەکی دروست کارەکانیان ئەنجام بدەن."
لەکاتی قسەکانیدا، ترامپ چەند نەخشەیەکی نیشاندا کە بە وتەی خۆی، ەێژەی تاوانی لە واشنتنی پایتەخت بەراورد دەکرد بە ڕێژەی تاوان لە وڵاتانی تردا، لەوانە بەغدا، پەنەما سیتی، سان خۆسێ، و کۆلۆمبیا.
ترەمپ بانگەوازی کرد کە ڕێژەی تاوان لە واشنتن دوو یان سێ هێندەی ئەو وڵاتانەیە و وتی: "کەواتە، ئایا دەتانەوێت لە شوێنی لەم جۆرەدا بژین؟ پێم وانییە. پێم وانییە."