ئەمڕۆ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازیی لە دکتۆر محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد.

لە دیدارەکەدا، دواین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و پابەندبوون بە دەستوور کرایەوە.

سەبارەت بە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کردەوە و رایگەیاند، "درێژەکێشانی ئەم کێشەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی وڵاتەکەمان دەبێت.

 باشترین رێگەچارە بۆ هەموو لایەک پابەندبوونە بە رێککەوتنەکان، چونکە رێگەنادەین ژیانی خەڵکەکەمان لەوە زیاتر بخرێتە مەترسییەوە."

هەر لە دیدارەکەدا، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە رەنگدانەوەی ئیرادەی راستەقینەی هاووڵاتیان بێت.