د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی 8ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە د. عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی هاوڕێی کرد.

لە دیدارێکدا، کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق و بریکاری وەزارەتی دەرەوە محەمەد حوسێن بەحرلعلوم ئامادەی بوون. لاریجانی سڵاوی سەرۆکی ئێرانی بە سەرۆک کۆمار گەیاند. هەروەها سەرۆک کۆماری عیراق سڵاوی خۆی بۆ سەرۆک پزیشکیان و گەلی ئێران نارد و هیوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوامی بۆ خواستن ،جەختیشی لە قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عیراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە، هەروەها پەرۆشیی عیراقی بۆ پەرەپێدانی چوارچێوەی هاریکاریی دووقۆڵی دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە هەردوو گەلی دراوسێ بکات و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بچەسپێنێت.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە عیراق بەردەوامە لەسەر پتەوکردنی سیاسەتی کرانەوەی ئەرێنی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و بنیاتنانی هاوبەشیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی یەکتری، بەجۆرێک کە هاریکاریی ئابووری و ئەمنی بەهێز بکات و بەشداری بکات لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.

لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە کرا و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی رێزگرتنی یەکتری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر کرایەوە.

لای خۆیەوە، لاریجانی سڵاوی سەرکردایەتیی ئێرانی بە سەرۆک کۆمار گەیاند و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عیراق دەربڕی کە پشتگیری لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی دەکەن، هەروەها ستایشی رۆڵی گرنگی عیراقی کرد لە لێک نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکاندا.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەلی عیراق کرد بۆ پێشوازی و میوانداریکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لەکاتی بەجێهێنانی رێوڕەسمی زیارەتی چلەی شەهیداندا.