ماکرۆن هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
راهۆز
١١ی ئابی ٢٠٢٥
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی دووشەممە رەخنەی توندی لە پلانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە گرت و بە "کارەساتێکی بێوێنە" و "هەنگاوێک بەرەو جەنگێکی بێکۆتا" وەسفی کرد.
هاوکات پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی کرد بە راسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیرکردنی کەرتی غەززە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە نووسینگەی ماکرۆن بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە: "ئەو راگەیاندنەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە شاری غەززە و ناوچەکانی دیکە، هۆشدارییە لە کارەساتێکی راستەقینەی بێوێنە و هەنگاوێکە بەرەو جەنگێکی بێکۆتا." ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە حکومەتی ئیسرائیل دەستبەجێ کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت و ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیەنێت.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریشیدا کە بارمتە ئیسرائیلییەکان و دانیشتووانی غەززە یەکەم قوربانییەکانی ئەم ستراتیژییەتە دەبن.
ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەی پەسەند کرد، کە ئەمەش کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەیان و رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە باشترین رێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ." نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر غەززە، لەناوبردنی حەماسە و وتیشی: "لە کاتێکدا حەماس ڕەتیدەکاتەوە چەک دابنێت، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە تەواوکردنی ئەرکەکە و بەزاندنی."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشیکردەوە کە پلانەکەیان گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت. هەروەها پێنج بنەمای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە خستەڕوو کە بریتین لە: چەککردنی حەماس، گەڕانەوەی بارمتەکان، داماڵینی غەززە لە چەک، کۆنترۆڵی ئەمنی تەواوی ئیسرائیل لە غەززە، و بوونی ئیدارەیەکی مەدەنی کە سەر بە حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی نەبێت.