وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد
محەمەد رزگار
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە بەرەو پێشچوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.
ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، و وەفدێکی دیپلۆماسی و سەربازی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە لیوا ڕوکن بەختیار محمد، ئەمینداری گشتیی، و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا بەشداربوون. بیتنەر کۆتایی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و وێندی گرین وەک جێگرەوەی خۆی ناساند.
وەزیری پێشمەرگە رۆڵی باڵای ستیڤن بیتنەر بەرزنرخاند و رایگەیاند: بیتنەر لە ماوەی ئەرکەکەیدا بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی گەلی کوردستان و بە تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە بووە. رۆڵی باڵا و کاریگەری هەبوو لە پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و کونسوڵخانەی ئەمریکا. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکی داهاتوویدا.
هەر لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە و ئامادەبووان پێشوازییان لە وێندی گرین کرد، کە وەک کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبێت. وەزیری پێشمەرگە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و راشیگەیاند: ئومێدمان وایە کە بە هەوڵی بەردەوامی وێندی و ئەفسەرانی باڵا و راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر و فراوانتر بکرێت.
بیتنەر، دڵخۆشی خۆی راگەیاند لە ماوەی ئەرکەکەیدا بە هاوکاری و کاری پێکەوەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا، ستایشی وەزیری پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: دڵخۆشبووم کە لەم ماوەیەدا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵماندا بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی چاکسازی. پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانپەروەرە و پارێزگاری لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەش دەکات.
لەبارەی بەردەوامی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا دڵنیای بە وەزیری پێشمەرگە دا و رایگەیاند: هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.