ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە و چاورەوان دەكرێت بریارێك لە بارەی خەرجكردنی موچەی مانگی 6 ی موچەخۆرانی هەرێم بدات .

پەیامنێری كوردسات نیوز لە زاری بەرپرسێكی كوردەوە رایگەیاند ، كارنامەی  كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران ، پرسی موچەی هەرێمی تێدا نیە ، بەڵام پێدەچێت لەناو كۆبونەوەكەدا ئەو پرسە بخرێتە بەر باس .

وتیشی هەرێمی كوردستان پێشنیارەكانی خۆی پێشكەش كردوە و لیژنەكان كاری خۆیان كردوە و راپۆرتەكان ئامادە كراون كە دەبێت ئەمرۆ لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت ، دوای پەسەندكردنیشیان لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە ، بریار لەسەر خەرجكردنی موچەی مانگی 6 ی موچەخۆرانی هەرێم دەدرێت .

لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری هەرێم چوونە بەغداد بۆ ئەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی دارایی عیراق راپۆرتی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ بكەن و دوای تەواوكردنی كارەكانیشیان رۆژی 5 شەممە وەفدەكەی هەرێم گەرانەوە .