وەزارەتی ئەوقاف: پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەج دەکرێتە ئەلیکترۆنی
راهۆز
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ناوتۆمارکردنی بۆ گەشتی حەجی کردە ئەلیکترۆنی و لەم رۆوە هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە ناوی خۆیان تۆماربکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی سیستمە نوێیەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "لەمەودوا هەر هاووڵاتییەک بیەوێت ناوی خۆی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار بکات، دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە و لە ماڵی خۆی فۆڕم پڕبکاتەوە. وەڵامی وەرگرتنیشی لە ڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنییەوە بۆ دەگەڕێتەوە."
وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بە چەند خاڵێکی پرۆسەکە کرد و وتی: "یەکێک لە سوودەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەلی یەکسان بۆ هەموو خوازیاران دەڕەخسێنێت. پێشتر بڕێک پارە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بەخۆڕاییە و هیچ بڕە پارەیەک لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد کە پێشتر پرۆژەی یەکخستنی بانگدانی مزگەوتەکانیان جێبەجێکردووە و سیستمەکەیان کردووە بە ئەلیکترۆنی، کە لە رێگەیەوە بانگ لەلایەن بانگبێژە دەنگخۆشەکانەوە دەدرێت و پرۆسەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراوە.