د.لەتیف رەشید: گرنگە هەموو پێکهاتەکان کاربکەن بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیان لە کەرکوک
محەمەد رزگار
٩ی ئابی ٢٠٢٥
بە بەشداری سەرۆک کۆماری عیراق لە کەرکوک گەورەترین چالاکی هونەری و رۆشنبیریی بەڕێوەچوو، لەژێر ناوی "فێستیڤاڵی کەرکوک هێمای پێکەوەژیانە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە فێستیڤاڵەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەم فێستیڤاڵە گرنگە بۆ بەرجەستەکردنی بەهاکانی یەکڕیزی و پێکەوە ژیان.
وتیشی، شانازیی دامەزراندنی ناوەندی رۆشنبیری کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک مام جەلال، هەروەها سەرۆک مام جەلال هەمیشە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوکی دەکرد.
راشیگەیاند، گرنگە هەموو پێکهاتەکان کاربکەن بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیان لە کەرکوک، هاوکات پێویستە بەرژەوەندییەکانی کەرکوک لە سەروو ناکۆکییەکانەوە بێت
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن دەبێت کەرکوک لە جەمسەرگیری و دابەشبوون بپارێزرێت و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن
ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی پارێزگاری کەرکوک دەکەم کە خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات

