سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک و ژمارەیەک لێپرسراوی شارەکە کۆبووەوە
محەمەد رزگار
٩ی ئابی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو ، د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی بوون.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی پارێزگاری کەرکوک دەربڕی و ئاماژەیکرد بە گرنگی کەرکوک لەرووی فرەچەشنی دانیشتوان و سامانە سروشتییەکانییەوە، هەروەها پێویستی وەبەرهێنانکردن لەو سەرچاوانەی هەیەتی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پێشخستنی خزمەتگوزاری و پرۆژەکانی گەشەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیی بۆیان .
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگای کەرکوک نموونەیەکی زیندووە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و فرەچەشنی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویست بەوە دەکات کە ببێتە مۆدێلێک بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان و بنیاتنانەوە و گەشەکردن. سەرۆک کۆمار باسی لە رۆڵی لێپرسراوان و پێویستی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن و حکومەتی خۆجێی کرد بۆ پەرەپێدانی پلان و بەرنامە بۆ پەلەکردن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەک کە هاوتا بێت لەگەڵ پێگەی ئابوورییەکەی و ئاماژەشی بەوەکرد، کەرکوک پێویستی بە هەوڵی زیاتر و کۆکردنەوەی وزە و تواناکان هەیە بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوریەکەی.
سەرۆک کۆمار هەروەها ستایشی قوربانیدانی خەڵکی کەرکوکی کرد و ویستیان بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و چاندنی بەهاکانی برایەتی و هاوپشتی و هاریکاری.
لای خۆیانەوە پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا باسیان لە رەوشی کەرکوک و ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە کرد کە بەخۆیەوە دەبینێت و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاریی و پێشخستنی لایەنەکانی گەشەپێدان.
لەوبارەیەوە رێنماییەکانی سەرۆک کۆماریان بە گرنگەوە باسکرد بۆ پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری پارێزگاکە.


