یەکێتی بەلیستی ژمارە 222 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەکات
٩ی ئابی ٢٠٢٥
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و بە پێی ئەنجامی تیروپشکەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ژمارە (222) بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک و دیالە بە لیستی سەربەخۆ بە ناوی لیستی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بە ژمارە 222 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات.
هاوکات لە پارێزگای نەینەوا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا بەناوی (هاوپەیمانی یەکێتی خەڵکی نەینەوا) بە ژمارە 281 بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات.
هەروەها یەکێتی لە پارێزگای سەلاحەدین یەک کاندیدی هەیە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (جەماوەری نیشتمانی) دا، لە پارێزگای بەغداش یەکێتی یەک کاندیدی هەیە و بەمەش یەکێتی لە هەشت پارێزگای عیراق کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە، کە تاکە حزبی کوردییە لە زۆرترین پارێزگای عیراق کاندیدی هەیە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی سلێمانی بە 36 کاندید و لە بازنەی هەولێر بە 30 کاندید و لە بازنەی دهۆک بە5 کاندید و لە بازنەی کەرکوک بە 24 کاندید و لە بازنەی دیالە بە 28 کاندید و لە بازنەی نەینەواش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا کە لە 62 کاندید پێکهاتووە، 31 کاندیدیان کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی بەغدا یەک کاندید و لە بازنەی سەلاحەدینیش یەک کاندیدی هەیە، کە بەتێکڕا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە 156 کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات.
رۆژی 9ی4ی2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ، 11ی 11ی 2025ی وەك رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.