كۆمپانیای دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا كۆی قازانجەكەی گەیشتووەتە 270 ملیون درهەم كە دەكاتە 171 ملیۆن دۆلار، بەهۆی توانای بەگەڕخستنی بەهێزی كار لە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنانی نوێ لە میسر، ئەو بڕەش بە ڕێژەی 1% زیاترە لە قازانجی نیوەی یەكەمی ساڵی 2024 كە بڕەكەی 263 ملیۆن درهەم بووە. 

كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، توانیویەتی لەو ماوەیەدا پارێزگاری لە پێگەی دارایی و ئەدای كاركردنی بكات و لە پرۆژەی فراوانكردنی (كۆرمۆر 250) و كێڵگەی چەمچەماڵ پێشكەوتنی باشی بەدەستهێناوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ئاستەكانی بەرهەمهێنانی لە كیڵگەی كۆرمۆر بە شێوەیەكی سەركەوتووانە بەردەوامبووە و رۆژانە زیاد لە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمهێنراوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە هەمان كاتدا كارەكانی پەرەپێدان و فراوانكردنی پرۆژەی (كۆرمۆر 250) بە باشی بەڕێودەچن لە كاتی تەواوبوونیدا پێشبینی دەكرێت بڕی برهەمهێنانی رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا غازی تر زیاد بكات، لە كێڵگەی چەمچەماڵیش كارەكانی فراوانكردنی بە خێرایی بەرەوپێش دەچن و لە ئێستادا كاری هەڵكەندن و ئامادەكردنی یەكەی تاقیكردنەوەی بەرهەمی فراوان بۆ شوێنەكە ئەنجام دەدرێت بەو ئامانجەی بتوانرێت بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگاتە 75 ملیۆن پێ سێجا غاز.