لە ئاکرێ پێشنوێژ و وتارخوێنێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیحر و جادوو دەستگیرکرا، پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت: سحیری گەیاندن بەیەکی ئەنجامداوە.

عیماد حوسێن لێپرسراوی راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی 300 سیحری جۆراوجۆر بە تایبەتی سیحری (گەیاندنە یەک).

ئاماژەی بەوەشکرد ، ئەو هاووڵاتییە خەڵکی قەزای ئەکرێیە و لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سنوری دەرەوەی قەزاکە پێشنویژ و وتارخوێنە، هاوکات ئەو کارانەی لەبەرانبەر وەرگرتنی پارە ئەنجامداوە.

عیماد حوسێن وتیشی، ئەو تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەستبەسەر چەندین کتێب و بابەتی پەیوەندیدار بە سیحر گیراوە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و مادەی 240 دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.