لە شاری هەولێر تەرمی ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە ماوەی چەند رۆژێکە گیانی لەدەستداوە و پێی نەزاندراوە.

گەیلان سابیر پەیامنێری کوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر ئاگادارکراوەتەوە لە هەبوونی بۆنێکی ناخۆش لە ماڵێکی گەڕەکی 99ـی شارەکە، دوای گەیشتنی پۆلیس و چوونە ژورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو ماڵەکە دەرکەوتووە تەرمی ژنێک لەماڵەکەدا هەیە.

وتیشی، تەرمی ئەو ژنەی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بووە و پێش چەند ساڵێک خانەنشینکراوە، هاوکات ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە گیانی لەدەستداوە و پێی نەزاندراوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مامۆستایە هیچ کور و کچێكی نییە و تەنها چەند خوشک و برایەکی هەیە کە لە دەرەوەی وڵاتن.

راشیگەیاند، لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێرە و دوای ئەنجامدانی توێکاری رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.