پۆلیسی هەڵەبجە: تۆمەتباری روداوی کوژرانی دوو گەنجەکەی هەڵەبجە دەستگیرکرا
محەمەد رزگار
٧ی ئابی ٢٠٢٥
تۆمەتباری روداوەکەی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەڵەبجە دەستگیرکرا کەتێیدا دوو کەس کوژران، پۆلیسی هەڵەبجەش دەڵێت: تۆمەتبارەکە لە دایکبووی ساڵی 2003یە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، تۆمەتباری روداوەکەی رۆژی هەڵەبجە دەستگیرکرا، کە بەرەبەیانی رۆژی 5-8-2025 کەسێک کە بە سواری ماتۆڕسکیل و کڵاوی لەسەردابووە، تەقەی لە سێ گەنج کرد لە گەڕەکی فەرمانبەران، کەلەئەنجامدا دوو گەنجیان گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەیان بریندار بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانیانەوە، تۆمەتباری روداوەکە بە ناوی (ش . ف .ع) لە دایکبووی 2003 دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە.
پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاند، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەدا ناوە لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر بەمادەی 406ـی یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.