كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی هەرێم بڕیاریدا كرێی رۆژانەی كرێكار لە 15 هەزار دینار كەمتر نەبێت
سەعید سەروەت
٥ی ئابی ٢٠٢٥
كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی هەرێم كەمترین كرێی مانگانەی كرێكاری ناكارامەی بۆ 450 هەزار دینار و كرێی كاركردنی رۆژانەی بۆ 15 هەزار دینار بەرزكردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رەزامەندی دراوە لەسەر زیادكردنی كەمترین كرێی مانگانەی كرێكاری ناكارامە لە 350 هەزار دینارەوە بۆ 450 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كرێكارانەش كە بە كرێی رۆژانە كار دەكەن، نابێت كرێكانیان لە بڕی 15 پانزە هەزار دیناری رۆژانە كەمتر بێت.
مەبەست لە دەستەواژەی كرێكاری ناكارامە ئەو كەسانەیە كە ئەو كارانە ئەنجام دەدەن لە بازاڕی كاردا كە پێویستی بە بڕوانامە یان پسپۆڕیەكی ئەوتۆ نییە، بەڵام كارە سەختەكانی وەك بیناسازی و ئەوانی تر ناگرێتەوە.