کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆتایی هات و بڕیاردا بەزووترین کات هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

محەمەد عەبدولڕەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لەدوایین ساتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی داوای کرد یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەکە بۆ پرسی هەرنادەکردنەوەی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانبکرێت.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری نەوتی عیراق بە سودانی راگەیاندووە، لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم 130 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەو بڕەش 80 هەزاری دەبێت رادەستی عیراق بکرێت و 50 هەزاریش بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم تەرخانبکرێت، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای کردووە لیژنەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم پەلەبکەن لە تەواوکردنی کارەکانیان و بەزوترین کات هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، هەر لە کۆبوونەوەکەدا د.خالید شوانی وەزیری دادی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی هەرێم پاپەندی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادە، هاوکات 120 ملیار دیناری وەک داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شەش ئامادەکردووە  و ئامادەیە رەوانەی بەغدادی بکات، ئاماژەی بەوەشكرد، هەرکاتێک لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کارەکانیان تەواو کرد و راپۆرتەکانیان بەرزکردووە، ئەو کاتە بڕیار لەسەر موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت.

هەر میانی کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا، وادەی کارەکانی لیژنە هاوبەشەکان بۆ هەفتەی داهاتوو درێژ بکاتەوە.