دەزگای ئاسایشی هەرێم، تۆمەتبارێکی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی دەستگیرکرد، کە هەڕەشەی لە 50 ئافرەت و پیاو کردبوو.

لە راگەیەندراوێکدا باس لەوەشدەکات، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان بووە و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر چەند ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی سحر و جادووکردن، دەرکەوتووە پارەی لەچەندین هاووڵاتی وەرگرتووە و دواتریش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لەئافرەتەکان کردبوو.

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیان شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و لەچالاکییەکەدا تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن.

تۆمەتبارەکە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دوای دەستگیرکردنی دەستبەسەر سەرجەم ئەکاونت و بەڵگە وێنە و ڤیدیۆکانی گیرا، لەئێستاشادا تۆمەتبار بەماددەی ٢ له‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن راگیراوە.