دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە لەلایەن ئێرانەوە ژمارەیەک وڵات زیانیان بەرکەوتوە و دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.، داواشی لە چەند وڵاتێک کردوە کەشتی جەنگی بنێر بۆ کردنەوەی گەروەکە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیویەتی؛ کۆمەڵێک وڵاتی کاریگەر، کە بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز زیانیان بەرکەوتووە، کەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی ئەم هەنگاوە هاوبەشە لەگەڵ ئەمریکا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان و بەکراوەهێشتنەوەی گەروی هورمزە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانیان توانای سەربازی ئێرانیان بە تەواوی پەکخستووە، بەڵام هێشتا مەترسی هێرشی درۆنی و مینڕێژکردن لەلایەن تارانەوە ماوە.
لە پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن و بەریتانیا کردوە بەشداری بکەن لە کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانە و رایگەیاندوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی کەناراوەکان و تێکشکاندنی هەر بەلەم و کەشتییەکی ئێرانی، کە بێتە ناو ئاوەکانەوە و ببێتە هۆی مەترسی.