لەسەر دۆسیەی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، تۆمەتبارێك خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاگادار كرایەوە لە بوونی روداوێكی كوشتن لە گەڕەكی شێخ عبدالقادری چوێسە لەشاری سلێمانی ، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی روداوەكەو كەشف و هێڵكاری شانۆی تاوان ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەبڕیاری  دادوەر هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ، پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار ، سەرئەنجام تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد .

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لە ئێستادا تۆمەتبار ( ت ، س ،أ ) بەبڕیاری دادوەرو بەتۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی خۆی ، بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوەو لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە .