هێزەکانی 70 و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هەماهەنگی زیاتر دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
محەمەد رزگار
٢ی ئابی ٢٠٢٥
وەفدێکی باڵای هێزەکانی 70 لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغداد کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوولا کردەوە.
راگەیاندنی هێزەکانی 70 بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای هێزەکانی 70 بە سەرۆکایەتی لیوا رکن "عومەر ساڵح حسن" فەرماندەی هێزەکانی 70 بە یاوەری "دیار عومەر" فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسۆنە هاوبەشەکان، سەردانی شاری بەغدادی پایتەختیان کرد، لە لایەن فەریقی یەکەمی رکن "قیس خلف المحمداوی" جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆبونەوەکەدا باس لە رێگەکانی بەرزکردنەوەی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوولا کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کۆمەڵێک پرسی ئەمنی و سەربازیی هاوبەش، بەتایبەتی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوولا بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و فەراهەمکردنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەدەکەونە نێوان هێڵی بڵاوە پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای حکومەتی فیدراڵی عیراق.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی کەناڵەکانی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی مەیدانی نێوان هەردوولا کرایەوە، بەتایبەتی لەڕووی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵ دێرییەکان و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەش، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و سەرجەم هێزە عیراقییەکان لە چوارچێوەی پلان و بەرنامە و کاری هاوبەشی نێوانیادا.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە سەردان و کۆبونەوە بەردەوامانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدرال و سەرجەم هێزە عیراقیەکانی تردا دێت، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و روبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای حکومەتی فیدراڵی عیراق و سەرجەم هێزە ئەمنیە عیراقیەکان.





