یەكێتی نووسەرانی جینۆساید: دەستگیركردنی عەجاج هەنگاوێكی گرنگە
هادی
٢ی ئابی ٢٠٢٥
یەكێتی نووسەرانی جینۆساید داوا دەكات، دانپێدانان و وەرگرتنی زانیارییەكان لە عەجاج بە ئامادەبوونی تیمێكی شارەزای بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت و دەستگیركردنی بكرێتە سەرەداوی دۆزینەوە تێوەگلاوانی تری تاوانی ئەنفال.
یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی عەجاج حەردان تكریتی یەكێك لە تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی تاوانبارێكی گەورەی وەك عەجاج، هەنگاوێكی گرنگە و كۆدی نهێنی زۆر دەرگای تر دەكاتەوە و دەیانگەیەنێتە زۆر نهێنی شاراوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا داوا دەكات، دانپێدانان و وەرگرتنی زانیارییەكان لە عەجاج بە ئامادەبوونی تیمێكی شارەزای بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیارییە شاراوەكان و دەستگیركردنیشی بكرێتە سەرەداوی دۆزینەوەی تێوەگلاوانی تر لە تاوانی ئەنفال.
یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان داوا لە كەسوكاری ئەنفالكراوانیش دەكات، لە بەغداد سكاڵا لەسەر عەجاج و تۆمەتبارانی تری ئەنفال تۆمار بكەن.