دەزگای ئاسایشی نیشتتمانی عیراق دەستگیرکردنی 'عەجاج' جەلادی ئەنفالی راگەیاند
رەوەز فازیل
١ی ئابی ٢٠٢٥
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لەبارەی دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق بڵاویکردەوە، میانەی هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی رژێمی پێشوی عیراق و لە هەوڵێکی کە ماوەی شەش مانگی خایاندووە بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان لە پارێزگای موسەنا و باشوری سەڵاحەدین توانیویانە یەکێک لە دیارترین تاوانبارانی رژێمی پیشوی عیراق دەستگیربکەن کە ئەفسەرێکی لێپرسراوبووە لە ئاسایشی زیندانی نوگرە سەلمان.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تۆمەتبار پێشتر لەناوچەکانی رومەیسە و نەجمی و هیلال و پارێزگای موسەنا و ناوچەی بەسیە بووە، لەکۆتایشدا زیندانی نوگرەسەلمان ئەفسەربووە.
رونیشیکردوەتەوە، تۆمەتبار تاوانی دەرهەق بە هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە بەتایبەت نەتەوەی کورد بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی کردنەسەریان لە زیندانی نوگرە سەلمان.
دەزگای نیشتمانی عیراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەمەستی بەلاڕێدابردنی دەزگا ئەمنیەکان، کەسە نزیکەکانی ئەو تۆمەتبارە بۆماوەی چەندین ساڵ بە مردوو لە قەڵەمیانداوە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ورد توانراوە ،شوێنی خۆحەشاردانی لە پارێزگای سەلاحەدین بدۆزرێتەوە و پاش وەرگرتنی رەزامەندی دادگا توانراوە دەستگیربکرێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختیکردوەتەوە، کە دەستی دادپەروەری بەردەوام دەبێت لە راوەدونانی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی کەسانی بێتاوان سورە و کاتیش نابێتە رێگر بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەدەستی یاسا هەڵاتوون.