کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI)، خاوەنی چات جی پی تی، تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی "دۆخی فێربوون" (Study Mode) خستە بەردەست کە رێگە بە خوێندکاران و ئەکادیمییەکان دەدات وانەکانیان بۆ شیکرێتەوە بەبێ بوونی مامۆستا، هاوکات ئامانج لێی کەمکردنەوەی قۆپیەکردنی ئەکادیمییە.
بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئەم تایبەتمەندییە نوێیە وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی ئەرکی ماڵەوە، خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان و فێربوونی بابەتە نوێیەکان داڕێژراوە. هەروەها توانای کارلێککردنی لەگەڵ وێنەدا هەیە، کە رێگەی پێدەدات بۆ شیکردنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پێشوو بەکابهێنرێت.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاندووە، "دۆخی فێربوون" ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چات جی پی تی یە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئامادە. کۆمپانیاکە روونیکردەوە، ئەم ئامرازە تەنها چارەسەر پێشکەش ناکات، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری سەرپێچیکردن لەم شێوازە هەر دەمێنێتەوە ئەگەر خوێندکاران بڕیار بدەن تایبەتمەندییەکە بەکارنەهێنن.
ئۆپن ئەی ئای ئاشکرایکردووە کە زیاتر لە سێیەکی گەنجان لە تەمەنی خوێندنی زانکۆ لە ئەمریکا چات جی پی تی بەکاردەهێنن، و ئاماژەی بەوەشکردووە کە نزیکەی چارەکێکی نامەکانیان لە رێگەی رۆبۆتەکەوە پەیوەندی بە فێربوون، وانەی تایبەت یان ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانەوە هەیە.
جەینا دیڤانی، بەرپرسی خوێندنی نێودەوڵەتی لە چات جی پی تی لە ئەمریکا، رایگەیاندووە کۆمپانیاکەیان نایەوێت رۆبۆتەکە لەلایەن خوێندکارانەوە بەهەڵە بەکاربهێنرێت و ئەم ئامرازە بە "هەنگاوێک بەرەو هاندانی بەکارهێنانی ئەکادیمی دروستکەرانەی چات جی پی تی" دادەنێت.
دیڤانی دانی بەوەدانا کە چارەسەرکردنی قۆپیەکردنی ئەکادیمی پێویستی بە "گفتوگۆیەکی گشتگیر لەسەر ئاستی پیشەسازی" دەبێت سەبارەت بە گۆڕینی شێوازەکانی هەڵسەنگاندن و دانانی "رێنمایی زۆر روون سەبارەت بەوەی چی بە بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی زیرەکیی دەستکرد دادەنرێت."
ئۆپن ئەی ئای ئاماژەی بەوەشکردووە کە هاوکاری لەگەڵ مامۆستایان، زانایان و پسپۆڕانی پەروەردەدا کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەم ئامرازە، بەڵام هۆشداریشی داوە لە ئەگەری بوونی "هەڵسوکەوتی ناتەبا و هەڵە لە گفتوگۆکاندا".
ئەم پەرەپێدانە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "گاردیان" ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2023_2024 نزیکەی 7000 حاڵەتی قۆپیەکردنی سەلمێنراو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد لە زانکۆکانی بەریتانیادا تۆمارکراوە، کە دەکاتە 5.1حاڵەت بۆ هەر هەزار خوێندکارێک، ئەمەش بەراورد بە 1.6 حاڵەت لە ساڵی پێشوتردا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە