نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، رۆژی چوارشەممە، داوای ناردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتری بۆ کەرتی غەززە کرد.

لە ئێکسی رەسمی خۆی، نووسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند: "حەماس خۆراکی لە خەڵکەکەی خۆی دزیوە. ئیسرائیل هەنگاوی ناوە. ئێمە هاوکاریمان لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە فڕێداوەتە خوارەوە و داواشمان لە وڵاتانی دیکە کردووە بەشداربن."

نووسینگەی ناتانیاهۆ دەشڵێت: "هەندێک وڵات وەڵامیان داوەتەوە. ئێمە دەرفەتمان رەخساندووە، دڵنیاییمان لە گەیشتنی هاوکارییەکان داوە. هەر وڵاتێک بەڕاستی بیەوێت یارمەتی بدات، بەخێرهاتنی دەکرێت."

ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە 2ـی ئازاری رابردوودا و دوای شکستپێهێنانی دانوستانەکانی ئاگربەست، گەمارۆیەکی سەرتاسەری خستبووە سەر هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە. هەرچەندە لە کۆتایی مانگی ئایاردا، سەرەڕای هۆشدارییەکان لە مەترسیی برسێتی، تەلئەبیب بە ڕێژەیەکی کەم دەستی بە ناردنەوەی هاوکاری کردەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەفتەیە، ئیسرائیل راگرتنی کاتیی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە بەشێک لە کەرتی غەززە راگەیاند و رێڕەوی ئارامی کردەوە بۆ ئەوەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بتوانن خۆراک و پێداویستی بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی دانیشتووی کەرتەکەدا دابەش بکەن.