دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی نیمچە دورگەی کامچاتکای لە رۆژهەڵاتی رووسیا هەژاند، بە گوڕی 8.8 پلە، وەک یەکێک لە 10 بەهێزترین بومەلەرزەکانی جیهان لە ساڵی 1900ەوە پۆلێنکراوە.

دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بومەلەرزەیە لە دوای بومەلەرزە 9 پلەییەکەی ساڵی2011ی ژاپۆنەوە بە بەهێزترین دادەنرێت. لقی کامچاتکای ئەکادیمیای زانستی رووسیاش پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە ناوچەکەی هەژاندبێت لە ساڵی 1952ەوە.

بومەلەرزە بەهێزەکە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی و هۆشداری لە چەندین ناوچەی زەریای هێمن بڵاوکرایەوە. هۆشدارییەکان ناوچەکانی دورگەکانی هاوای و بەشێک لە دورگەکانی ئەلوشیانی ویلایەتی ئەلاسکا، کەناراوەکانی رۆژئاوای کەنەدا و ئەمریکا تا سنووری مەکسیک، هەروەها فلیپین و ئیندۆنیسیای گرتەوە.

لە کامچاتکا ژووری فریاگوزاری خێرای هەرێمی پێکهێنرا و تیمە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنینی وردی دامەزراوە گرنگەکان کرد، بەتایبەتی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هەر زیانێک.