قوباد تاڵەبانی: ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکان رووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە
سام
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و پێکەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ رۆژی سێشەمە 29ـی 7ـی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەکانی ئەو هێرشانە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێم، جەختیکردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیری عیراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. هیواشی خواست حکومەتی فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.

