لە هەولێر ژنێک بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرا، ئاسایشی هەولێریش دەڵێت: تۆمەتبارەکە دزی لە کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمەکانیانەوە لەسەر بوونی چەند حاڵەتێکی تاوانی دزیکردن ، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ،تۆمەتبارێکی ژن دەستگیرکرد بەناوی (و ، ح ، ع) ، کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە هەڵساوە بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دزیکردن ،بەتایبەت لەو کەسانەی کە تەمەنیان گەورەیە و بەساڵاچوون ،دەشڵێت، تۆمەتباری ناو هاتوو چاودێری ئەو کەسانەی کردوە و لە کاتێکی گونجاو تاوانی دزیکردنەکەی ئەنجامداوە، یەکێک لە تاوانەکانی دزینی بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە لە شۆفێرێکی تاکسی.

ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەستیان گرتووە بەسەر ئەو بڕە پارەی کە لە شوفێری تەکسیەکەی دزی بوو لەگەل چەند پارچە زێڕ و ئامێری مۆبایلدا.