بەهۆی ئاگرەکەی سنەوە سێ چالاکوانی بواری ژینگە گیانیان لەدەستداوە
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی بەرزاییەکانی ئاویەر لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا سێ چالاکوانی بواری ژینگە گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکە بریندارن کە رەوشی تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە.
سامان سلێمانی، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەمڕۆ خەبات ئەمینی، چالاکەوان و ژینگەپارێزی سنە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاویی جەستەیەوە، گیانی لەدەستدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنجشەممە، حەمید مورادی چالاکەوانی ژینگە بەهۆی سووتاویی جەستەیەوە گیانی لەدەستدا و دوێنێش چیاکۆ یوسفی نەژاد، چالاکەوانی ژینگە و وەرزشکاری سنە، دوای چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاویی جەستەیەوە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند: پارێزگاری سنە بۆ رێزگرتن لە قوربانیان دوو رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دووان لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، دوو ژینگەپارێزی دیکە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان.