دوای ئەوەی رۆژی 17ی ئەم مانگە بە دەستڕێژی گوللـە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بریندار کرا، ئەمڕۆ تۆمەتباری روداوەکە دەستگیر کرا و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ دوو کەسی دیکەش دەرکراوە.

عیماد حسێن بەرپرسی راگەیاندنی پولیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تۆمەتباری روداوی تەقەکردن لە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو لە زالگەی چەمە لەنێوان دهۆک بۆ هەولێر دەستگیر کراوە.

کە ئەو کات سێ گوللە بە بەرێوبەری ناحیە دارەتوو کەوتبون و کرێکارێکی ئەو فرنە نانەش بریندار بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی دەستگیر کراوە تەمەنی 35 ساڵە و کەیسێکی دیکەی هاوشێوەی ئەم روداوەشی لەسەرە.

لەبارەی هۆکاری روداوەکەوە دلبرین غازی پەیامنێری حکوردسات نیوز لە ئاکرێ باسی لەوەکرد، کێشەی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوان دوو خێزاندا.

هاوکات، بەرپرسی راگەیاندنی پولیسی ئاکرێ ئەوەشی روون کردەوە، لە ئێستادا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ دوو کەسی دیکەش دەرکراوە.

بەرەبەیانی رۆژی 17ی ئەم مانگە، لە سەرەی نانکڕیندا تەقە لە تەحسین عیسمەت بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو کرا و بەهۆیەوە سێ گوللـەی بەرکەوتوو بریندار بوو، هەروەها کرێکارێکیش کە لە نانەواخانەکەدا کاری دەکرد بە هەمان شێوە بریندار بوو.