پۆلیسی سلێمانی: چوار تۆمەتبارمان دەستگیرکرد
سام
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "چوار تۆمەتباری نەتەوە عەرەبمان دەستگیرکردووە کە وەکو گەشتیار هاتوونەتە هاوینەهەواری دوکان و رۆژانە هاتونەتە ناوبازاڕی سلێمانی".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی چەند خاوەن دوکانێکی زەڕەنگەر لەنوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵایان تۆماركرد كە دزیانلێکراوە، بڕیاری بەڕێز دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەهاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەستگیربكرێن".
ئاماژە بەوەشدراوە، "لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیرا بەسەر بڕێک لەو ئاڵتونەی کە تۆمەتباران دزی بوویان، هەروەها دەستگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بەتۆمەتباران بووە، تۆمەتباران کە بە نەتەوە عەرەبن چەند رۆژێکە وەکو گەشتیار هاتوونەتە هاوینەهەواری دوکان و لەوێ ماونەتەوە، رۆژانە هاتونەتە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و بەبیانوی کڕینی ئاڵتون چونەتە چەند دوکانێکی زەڕەنگەریی و لەکاتی مەشغوڵ بوونی خاوەن دوکانەکاندا ئاڵتونیان دزیوە".
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، "لەئێستادا تۆمەتباران (أ، هـ، م - أ، هـ، م - م، ی، م - ع، م، ع) بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە".