یەکگرتووی ئیسلامی: هەرێم و بەغداد پابەندیەكانیان جێبەجێ بکەن
سام
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبووە و دواتریش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەداوە، "پێویستە حکومەتی هەرێم و بەغداد پابەندییەکانی خۆیان سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی 7ـی 2025 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبووەوە و دواتریش راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەبارەت بە كێشەی دواكەوتنی موچەی فەمانبەران و موچەخۆرانی كوردستان، كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لە سەر ئەوەی كە پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد پابەندیەكانی خۆیان لەو بارەیەوە جێبەجێ بكەن، كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستی دەزانێت كە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و لایەن دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لەم هەل و مەرجە هەستیارو ئاڵۆزەدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، پێداچوونەوەی جیددی بە سیاسەت و بەرنامەی حكومەتی خۆیاندا بكەن و ئەرك و بەرپەرسیارەتیان بەرانبەر خەڵكی كوردستان بە گشتی راستبكەنەوەو چارەسەری ریشەیی كێشەی موچە بكەن".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "هەروەك پێویستە بە زووترین كات پەرلەمانی كوردستان كارا بكەن كە چەتری یاسایی و شەرعیەتی ئەم هەرێمەیە بۆ ئەوەی رۆڵی یاسایی و چاودێری خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت".