سەرۆكی ئۆكراین دەڵێت وڵاتەكەی بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی هێزەكانی روسیا، ساڵانە پێویستی بە 65 ملیار دۆلار هەیە.

ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، وڵاتەكەی ساڵانە كورتهێنانی بودجەی هەیە و دەگاتە 40 ملیار دۆلار، پێویستیشیان بەوە هەیە درۆن دروست بكەن كە ئەوەش پێویستی بە 25 ملیار دۆلارە و بەو پێیەش ساڵانە پێویستیان بە 65 ملیار دۆلارە بۆ بەردەوام بوون لە شەڕی دژی روسیا.
راشیگەیاند، جگە لە دروستكردنی درۆن، پێویستیان بە بەرهەمهێنانی موشەك و چەند پێداویستییە سەربازییەكانی تریش هەیە.

وتیشی، یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا و ناتۆ بەردەوام پاڵپشتی ئۆكراین دەكەن و هەوڵی دابینكردنی موچەی سەربازەكانیشیان دەدەن بە هاوكاری وڵاتانی دەرەوە كە ئەوەش بەشێكی گرنگی زیادكردنی توانای بەرگری ئۆكراینە.