ئەمڕۆ شەممە، هونەرمەندی گەورەی لوبنانی، زیاد رەحبانی، کوڕی هونەرمەندی دیار فەیروز، لە تەمەنی 69 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و جیهانی هونەری لوبنانی و عەرەبی بە جێهێشت، کە تێیدا شوێن پەنجەیەکی دیاری لە دوای خۆی بەجێهێشت.

رەحبانی نووسەر، ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن و شانۆکارێک بوو کە عاشقی هونەر بوو.  بە رەخنە تەنزئامێزەکانی زۆر جار بینەرانی دەهێنایە پێکەنین، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعی تاڵی لوبنانی دەخستەڕوو، کە بریتی بوو لە دابەشبوونی تائیفی، دەمارگیری و دابونەریت. تەنانەت لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکی هونەرییدا، رەخنەی لە هونەری تەقلیدی و فۆلکلۆری دایک و باوکی دەگرت.

زیاد رەحبانی کێیە؟

هونەرمەند، ئاوازدانەر، شانۆکار و نووسەرێکی لوبنانییە کە بە مۆسیقا هاوچەرخەکەی و شانۆگەرییە سیاسییە رەخنەگرانەکانییەوە ناسراوە.  ستایلی زیاد رەحبانی بە تەنز و قووڵی لە چارەسەرکردنی بابەتەکاندا جیادەکرێتەوە و بە دامەزرێنەری قوتابخانەیەکی نوێ لە مۆسیقای عەرەبی و شانۆی هاوچەرخی عەرەبیدا دادەنرێت.

زیاد لە 1ی کانوونی دووەمی 1956 لەدایکبووە. دایکی، نەهاد حەداد، ناسراو بە فەیروز، گۆرانیبێژێکی جیهانییە و باوکیشی، عاسی رەحبانی، یەکێک بوو لە دوو برا رەحبانییە پێشەنگەکە لە بواری مۆسیقا و شانۆی لوبنانیدا.

لە ساڵی 1973 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم ئاوازی بۆ دایکی، فەیروز، دانا کاتێک باوکی لە نەخۆشخانە بوو.. ئەمەش بۆ گۆرانییە بەناوبانگەکەی "سألوني الناس" بوو کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. دواتر، چەندین کاری دیکەی پێشکەش بە فەیروز کرد، لەوانە: "أنا عندي حنين"، "البوسطة"، "عندي ثقة فيك"، و چەندانی تر.

یەکەم دەرکەوتنی زیاد لەسەر شانۆ لە شانۆگەریی "المحطة" بوو، هەروەها لە "ميس الريم"یشدا دەرکەوت. دواتر، یەکەم شانۆگەری خۆی بە ناوی "سهرية" نووسی و پاشان چەندین شانۆگەری دیکەی بەناوبانگی نووسی وەک "فيلم أميركي طويل"، "شي فاشل"، و "بالنسبة لبكرا شو".

ئەمڕۆ زیاد، بە ڤایرۆسی جگەر، کۆچی دوایی کرد و جیهانی هونەری لوبنانی جێهێشت.

فەیرز، کە لە تەواوی جیهاندا بە "چۆلەکەی خۆرهەڵات" بەناوبانگە، دایکی رەحبانی دەکات و جیهانی هونەری لوبنان و میدیا عەرەبیەکان وەک هاوبەشی لە خەمی فەیروزدا نووسیویانە، ئەمڕۆ لوبنان لەگەڵ "چۆلەکەی خۆرهەڵات" غەمگینە.